زاملی كۆتایی هێنا به‌ یه‌كه‌مینی كۆبونه‌وه‌كانی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان و ته‌ئكیدی كرده‌وه‌: قۆناغی داهاتو یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت و شكست هه‌ڵناگرێت

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ به‌ڕێز حاكم زاملی، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌ رێی ئه‌نجامدانی زنجیره‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ده‌ستپێكی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌، كۆتایی هێنا به‌ گه‌ڕی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكانی كاتی به‌ ته‌مه‌ن و جێگره‌كانیانی لیژنه‌كان.

جێگری یه‌كه‌م ئه‌مڕۆ سه‌رۆكایه‌تی نۆ لیژنه‌ی كرد، كه‌ بریتی بون له‌ لیژنه‌كانی (كشتوكاڵ و ئاو و ئه‌هواره‌كان، پلاندانانی ستراتیژی و خزمه‌تگوزاری فیدراڵی، رۆشنبیری و گه‌شتوگوزار و راگه‌یاندن، لاوان و وه‌رزش، هه‌رێمه‌كان و پارێزگا ناڕێكخراوه‌كان له‌ هه‌رێمێكدا، ته‌ندروستی و ژینگه‌، ژن و خێزان و منداڵ، لیژنه‌ی‌ كۆچ و كۆچپێكراوان و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وقاف و خێڵه‌كان)، له‌و كۆبونه‌وانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی كاتی سه‌رۆكانی به‌ ته‌مه‌ن و جێگره‌كان بۆئه‌و لیژنانه‌ دیاریكران.

زاملی له‌و كۆبونه‌وانه‌دا به‌ به‌ڕێزانی ئه‌ندامانی لیژنه‌كانی وت، قۆناغی داهاتو یه‌كلاكه‌ره‌وه‌و هه‌ستیار و زۆر گرنگه‌و شكست هه‌ڵناگرێت، وا پێویست ده‌كات له‌سه‌رمان تواناكانمان به‌ گه‌ڕ بخه‌ین بۆ دابینكردنی پێویستییه‌كانی گه‌ل و به‌رژه‌وه‌ندی وڵات.

داواشیكرد هه‌موان به‌ ئه‌وپه‌ڕی پێداگری و جدییه‌ت و توانای به‌رزه‌وه‌ ئه‌ركه‌كانیان كارا بكه‌ن.

هاوكات له‌مڕۆوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو كۆبونه‌وه‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی لیژنه‌كان له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا ئاماده‌ییان هه‌بێت و كاری كۆبونه‌وه‌كان رێكبخه‌ن، پێشنیاری ئه‌و یاسایانه‌ش بكه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ تایبه‌تمه‌ندی لیژنه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر رۆشنایی ئه‌و دیسپلینانه‌ی‌ كه‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ رێكیخستوه‌.

جێگری یه‌كه‌م باسی له‌ چه‌ند بابه‌تێك كرد، له‌وانه‌ش ته‌ئكید كردنه‌وه‌ له‌ گرنگی چاودێری به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن و پارێزگاو فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و ورده‌كارییانه‌ی‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ پرسیار و میوانداری و لێپێچینه‌وه‌وه‌ به‌پێی ده‌سه‌ڵاته‌ پێدراوه‌كان.

جه‌ختیشی له‌سه‌ر پێویستی كێشانی سیاسه‌تێكی ستراتیژی تێروته‌سه‌ل كرده‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی په‌ره‌دان به‌ سه‌رجه‌م جومگه‌كانی حكومه‌ت و چاوخستنه‌ سه‌ر چاودێری جێبه‌جێكردنی یاساكان و بوژانه‌وه‌ی‌ كه‌رته‌كانی كشتوكاڵی گه‌شتیاری به‌ تایبه‌ت گه‌شتیاری ئایینی و رێكخستنی دۆسیه‌و ئاو و چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ سیاسه‌تی ته‌ندروستی وژینگه‌ی‌ وڵات.

زاملی ئاماژه‌شی كرد بۆ گرنگی روكردنه‌ دابه‌شكردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی‌ داهات و ته‌رخانكردنه‌ داراییه‌كان له‌ نێوان سه‌رجه‌م پارێزگاكان و گرنگیدانی پێویست به‌ دامه‌زراوه‌ وه‌رزشییه‌كان و په‌ره‌پێدانیان، له‌گه‌ڵ پشتیوانی ئه‌و بڕیارانه‌ی‌ كه‌ رۆڵی ژن و پێگه‌كه‌ی‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا پته‌و ده‌كات و كاری جدیش بكرێت بۆ په‌له‌كردن له‌ كۆتاییهێنان به‌ دۆسیه‌ی‌ ئاواره‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا.

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی
جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران
2022/5/18