د.شاخه‌وان عەبدوڵا بە توندی ئیدانەی پەلاماردانی هەولێر دەكات، جەختیش لەسەر پێویستیی هاوكاری ئەمنی و سەربازی نێوان حكومەتی ئیتحادی‌ و حكومەتی هەرێمی كوردستان و،تەواوكردنی ڕێكارەكانی پێكهێنانی لیوای ٢٠ دەکات

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بەتوندی سه‌ركۆنەی هێرشکردنە سەر هەولێری كرد، كه‌شەوی رابردوو بە فرۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو کرایە سەر رێگای سەرەكی نێوان ناوەندی پارێزگای هەولێر و هاوینەهەواری پیرمام و بەهۆیەوە ژمارەیەک لەهاوڵاتییانی‌ هه‌رێم بریندار بوون و زیانی ماددی بە چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی گەیاند، داواشیکرد ناوچه‌کانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ هه‌رێمی کوردستان چۆڵبکرێن له‌گروپه‌ چه‌كدارە کۆنتڕۆڵنەکراوەکان و دورخستنەوەی چەکی دەرەوەی یاساو ، سەرلەنوێ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ ئیتحادی لە سوپا و پۆلیس بۆ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ ناوچه‌كه‌ .

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا ئەم كرده‌وه‌ ترسنۆکانەی شەرمەزار کرد و به‌هەوڵێکی نائومێدانە بۆ تێكدانی‌ ئاسایش وسه‌قامگیری‌ هەرێمی کوردستان وەسفکرد، داواشی لە لایەنە ئەمنییەکان کرد رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و ئەو گروپە تیرۆریستی و تاوانبارانە راوه‌دوبنێن کە رق وكینه‌ و دوژمنایەتی بەرامبەر بەهەرێم له‌ناخیاندایه‌.

جەختیشی لەپێویستی بەردەوامیی هاوکاری ئەمنی و سەربازی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاری هاوبەش و تەواوکردنی ڕێکارەکانی پێکهێنانی لیوای 20 کردەوە، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئه‌منی‌ و ڕێگەنەدان بە گروپە چەکدارە تاوانکارەکان کاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن و ده‌ستدرێژییه‌كان دووبارە بکەنەوە .

هەموو جۆرە ترساندن و تۆقاندنێكیشی ره‌تكردەوە كه‌خەڵکی مەدەنی بکاته‌ ئامانج، هاوكات جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران داوای كرد، هەوڵه‌كانی هەواڵگری چڕتربكرێنه‌وه‌ و بەمشتێکی ئاسنین لەهەركەسێك بدرێت کە هەوڵی تێكدانی ئاسایشی هەرێم و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی‌ عێراق بدات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پێنجشەممە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢