دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئامادەبونی پەرلەمانتارانی کەرکوک روداوەکانی ئەم دواییەو دواین پێشهاتە ئەمنیەکانی پارێزگاکە تاوتوێ دەکات

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی یەک شەممە 2023/9/3 چاویکەوت بە بەڕێز محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ئامادەبونی پەرلەمانتارانی پارێزگای کەرکوک.

لە دیدارێکدا، دواین پەرەسەندنەکانی بارودۆخەکەو روداوەکانی ئەم دواییەو پێشهاتە ئەمنییە نوێکان لە پارێزگاکە تاوتوێکرا، لەگەڵ بایەخی چڕکردنەوەی هەوڵەکان و هاکاری نێوان سەرجەم لایەنەکان لە رۆڵەکانی کەرکوک، بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پارێزگاریکردن لە ئاشتی کۆمەڵایەتی و رەتکردنەوەی توندوتیژی.

هەر لەدیدارەکەدا، جەختکرا لە گرتنەبەری رێوشوێنە یاساییەکان، بۆ سزادانی ئەوانەی ئاشوبیان ناوەتەوەو پێشێلکاری و دەستدرێژییان کردووەتە سەر هاوڵاتیان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە وردەکاری روداوەکانی دوێنی و دەرەنجامەکانی، کە بەداخەوە بووە هۆی شەهیدبونی ژمارەیەک لە رۆڵەکانی کەرکوک و برینداربونی چەندین کەسی تر.

هەروەها راسپاردنی هێزە ئەمنیەکان بە یەکە جیاوازەکانیانەوە، بە پابەندبوونی تەواو بە پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکانی پارێزگاکەو زامنکردنی مافەکانیان، لە ژیانێکی ئارام و گوزەرانێکی شەرەفمەندانە.

 

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

 


یەک شەممە 3 ئەیلولی 2023