دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا لەگەڵ ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئافرەتان و پەرەپێدان لە هەرێمی کوردستان پلانە نیشتمانیەکان بۆ پتەوکردنی ڕۆڵی ئافرەتان و پاراستنی مافەکانیان تاوتوێدەکات

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی چوارشەممە22/5/2024، لە نوسینگەی فەرمی خۆی لە بەغداد، پێشوازیکرد لە د. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئافرەتان و پەرەپێدان لە هەرێمی کوردستان.

لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتار ئامادەبوون، گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە کرا پەیوەستن بە توانادارکردنی ئافرەتان و جێبەجێکردنی پلانە نیشتمانییەکان بۆ پتەوکردنی ڕۆڵیان و پاراستنی مافەکانیان و شایستەکانیان، کە داوای دەکەن.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا، لەمیانی وتەکانیدا، جەختیکرد لەسەر پشتیوانی تەواوی ئافرەتان و فراوانکردنی ئاستی بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسی و هاوبەشیان لە دروستکردنی بڕیارەکان لە سەرجەم کەرتەکاندا.

وتیشی: ئەمڕۆ شانازی دەکەین بە بوونی پەرلەمانتاری ئافرەت لە دامەزراوەی یاسادانان و سەرکردایەتیکردنی ئافرەتان لە کەرتە تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فێرکاری و ڕۆشنبیرییەکان، شانازییەکی گەورەش بە ڕۆڵ و دەستکەوتە ناوازەکانیان دەکەین.

 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

چوارشەممە 22 ی ئایاری 2024