دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا ئامادەی کۆبونەوەی هاوبەشی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و پەرلەمانتارانی پارێزگای کەرکوک دەبێت بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی وردبینیکردنی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگای کەرکوک

بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی مادە یاساییەکان، لە هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکان، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی شەممە 2023/8/12، ئامادەی کۆبونەوەی ئەندامانی لیژنەی تایبەتی راسپێردراوی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بوو، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ وردبینیکردن لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک، بە ئامادەبونی پەرلەمانتارانی پارێزگای کەرکوک و راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی ئەنجومەنی نوێنەران.

لە کۆبونەوەکەدا، تاوتوێی ئامادەکارییەکان و رێوشوێنە سەرەتاییەکان کرا، بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی وردبینیکردنی تۆماری دەنگدەران، وێڕای باسکردنی ئامادەکارییە هونەری و لۆجستیەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا، جەختیکرد لە گرنگی بەردەوامبونی کاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان و ئەنجامدانی وردبینی تەواو لە دۆسیەی تۆماری دەنگدەران و پاراستنی مافی سەرجەم رۆڵە رەسەنەکانی پارێزگاکە، لە پێکهاتەکان و زامنکردنی مافی بەشدارییەکی دادپەروەرانە، لە پرۆسەی دیموکراسی و پشتبەستن بە سەرژمێری دانیشتوانی ساڵی (1957) و نەهێشتنی شوێنەواری زیانی سیاسەتەکانی بە عەرەب کردن و گۆڕینی دیموگرافی، کە رژێمی لەناوچوو پیادەی کردووە لە ناوچەکە.

بەڕێزی ئاماژەشیکرد بە پێویستی ئامارکردنی، داتاو زانیارییەکان، بەشێوەیەکی ورد لەلایەن وەزارەتەکانی ناوخۆ و پلاندانان و بازرگانیەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
شەممە 12ئابی 2023