دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا یادی تاوانی‌ ئه‌نفالی‌ بارزانیه‌كان وه‌بیردەهێنێتەوەو، داواده‌كات كه‌سوكاری‌ قوربانیان قه‌ره‌بوبكرێنه‌وه‌ و ده‌ستور جێبه‌جێبكرێت و مافی‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان بپارێزرێت

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق , ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 31/7/2023 , له‌به‌یاننا‌مه‌یه‌كدا ، به‌ ئازارێكی‌ قوڵەوە تێپەڕبونی یادی (40) ساڵەی تاوانه‌كانی‌ رژێمی‌ له‌ناوچوو و كۆمه‌ڵكوژی‌ شاڵاوه‌كانی‌ ئه‌نفالی لە كوشتن و گرتن و پاكتاوكردنی‌ زیاتر له‌ 8000 هه‌شت هه‌زار بارزانی‌ بێتاوان وەبیرهێنایەوە، کە له‌ڕۆژی‌ 31/7/1983 له‌چەند شارو شارۆچكه‌یەکی‌ سه‌ر به‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر ئه‌نجامیاندا، دوای‌ گواستنه‌وه‌یان به‌شێوازێكی‌ دڕندانە بۆ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ باشوری‌ عێراق .

دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا، له‌م بۆنه‌ پڕ ئازاره‌دا، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی‌ خۆی‌ ئاڕاسته‌ی‌ خانه‌واده‌ی‌ شه‌هیدان و گه‌لی‌ كوردستان كرد، داواشیكرد قه‌ره‌بوی‌ كه‌سوكاری‌ قوربانیان بكرێته‌وه‌، لەگەڵ سڕینه‌وه‌ی‌ شوێنه‌واری‌ ئه‌و تاوانانه‌و گرنگیدان بە چه‌سپاندنی‌ بنه‌ماكانی‌ ئاشتی‌ و پێكه‌وه‌ ژیان و لێبورده‌یی، به‌داڕشتنی‌ یاسا و یاسابەرکارەکان و، جێبه‌جێكردنی‌ ده‌ستور و پاراستنی مافی‌ سەرجەم پێكهاته‌كانی‌ گه‌ل.

 

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
31 ی‌ ته‌مموزی‌ 2023