دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا له‌ ساڵیادی‌ نەهامەتی كوردانی ئێزیدی و كه‌وتنی‌ شه‌نگالدا، داواده‌كات بڕگه‌كانی‌ رێككه‌وتنی‌ شه‌نگال جێبه‌جێبكرێت و بارودۆخ ئاسایی‌ بکرێتەوە بۆچه‌سپاندنی‌ پایه‌كانی‌ سه‌قامگیری‌

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق , ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 3/8/2023, له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا, تێپه‌ڕبوونی‌ (9) ساڵ به‌سه‌ر نەهامەتی كوردانی ئێزیدی و كه‌وتنی‌ شه‌نگالی‌ وه‌بیرهێنایه‌وه‌و جه‌ختیكرد، ئەوه‌ی‌ رویدا زۆر به‌ ئازاربوو و كاره‌ساتێكی‌ دژ به‌ مرۆڤایه‌تی‌ قێزه‌ونترین جۆری‌ تاوان و كۆمه‌ڵكوژی‌ بوو له‌سه‌رده‌ستی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش.

دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا، له‌به‌شێكی‌ تری‌ به‌یاننامه‌كه‌دا داوایكرد، بڕگه‌كانی‌ رێككه‌وتنی‌ شه‌نگال جێبه‌جێبكرێت، كه‌ حكومه‌تی‌ ئیتحادی‌ و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ساڵی‌ 2020 له‌سه‌ری‌ رێككه‌وتن.

ئاماژه‌شیدا به‌پێویستی‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌ و چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ پێگه‌ ئیداری‌ و ئه‌منییه‌كان، له‌پێناو چه‌سپاندنی‌ پایه‌كانی‌ سه‌قامگیری‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ و دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕەتییه‌كان بۆ كه‌سوكارمان له‌ شه‌نگال .

 

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
پێنج شه‌ممه‌ 3ی‌ ئابی‌ 2023