دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا له‌ساڵیادی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ ئێزیدییه‌كاندا داوای‌ پەلەکردن لە ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ شه‌نگال و قه‌ره‌بووکردنەوەی كه‌سوكاری‌ قوربانییه‌كان ده‌كات

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق لەبەیاننامەیەکدا، ساڵیادی تاوانی كۆمه‌ڵكوژیی‌ کوردانی ئێزدی وەبیردەهێنێتەوە، کە لەسەر ده‌ستی‌ رێكخراوی‌ تیررۆستی داعش لەساڵی ٢٠١٤دا هەزاران مرۆڤی بێتاوان، کەزۆرینەیان ژن و منداڵ بوون شەهیدو بێسەروشوێن کران و دەیان هەزار هاوڵاتی تریش ڕاگوێزران.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا، ئەو کۆمەڵکوژییە بەتاوانێکی دڕندانەی دژ بە مرۆڤایه‌تی‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێزییدییه‌كان و لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ تاریك لەمێژووی‌ مرۆڤایه‌تییدا وەسفدەکات، داواش له‌ حكومه‌تی‌ ئیتحادی‌ دەکات تەواوی تواناو هه‌وڵەكانی‌ بخاته‌ گه‌ڕو پەلەبکات لەئاوەدانکردنەوەی شەنگال بەهەنگاوی کرداری و، بەدیهێنانی سەرلەنوێ بوژاندنەوەی ژیانی مەدەنی و، داننان به‌مافەکانی كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێزیدی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شەنگال، لەپێناو زامنکردنی سەقامگیری و گێڕانەوەی خەڵکەکەی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان،

هاوكات داواشیکرد، قه‌ره‌بووی مادی و مەعنەوی كه‌سوكاری‌ قوربانییه‌كان بکرێتەوە، لەگەڵ گرنگی کاراکردنی یاسای‌ ژنە رزگاربوه‌ ئێزییدییه‌كان، چاره‌نووسی‌ فڕێنراوه‌كانیش ئاشكرا بكرێت و كه‌مته‌رخه‌می‌ له‌و دۆسییه‌یه‌دا نه‌كرێت.

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
3 ی‌ ئابی‌ 2022