دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا سه‌رۆكی‌ شاندی‌ عێراق، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.. تاوتوێی هاوكاری‌ نێوان په‌رله‌مانه‌كانی‌ جیهان ده‌كات بۆ چەسپاندنی‌ ئامانجه‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، سه‌رۆكی‌ شاندی‌ عێراق ، له‌په‌راوێزی‌ كاره‌كانی‌ دانیشتنی‌ گوێگرتنی‌ په‌رله‌مانیی‌ بۆ سه‌رۆكه‌كه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ جیهان، کە له‌باره‌گای‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا – نیویۆرك به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌گه‌ڵ دێنیس فرانسیس، سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆبوەوه‌و، تاوتوێی‌ ژماره‌یه‌ك پرس و بابه‌ت و رێگه‌چاره‌كانی‌ سود وەرگرتن لە هاوكاری‌ نێوان په‌رله‌مانه‌كانی‌ وڵاتانی‌ جیهانیان كرد، بۆ چەسپاندنی ئامانجه‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ به‌رقه‌راركردنی‌ ئاسایش و ئاشتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ .

لە دیدارەکەدا، هه‌ردوولا جه‌ختیان كرد له‌ پاڵپشتی‌ و پشتیوانی‌ خۆیان بۆ هه‌وڵه‌كانی‌ به‌دیهێنانی‌ ئاشتی‌ و گه‌شه‌پێدانی‌ مرۆیی‌ به‌رده‌وام و روبه‌ڕبوونه‌وه‌ی‌ ئاسته‌نگه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ گرژییه‌كان وكاریگەری‌ ململانێ و ناكۆكییه‌كان و جه‌نگه‌ سه‌ربازییه‌كان، هه‌روەها چڕكردنه‌وه‌ی‌ هه‌وڵه‌كان و كاری‌ جدی‌ له‌پێناو راگرتنی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ دژ به‌ فه‌له‌ستینییه‌كان له‌كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ و گه‌یاندنی‌ هاوكاری‌ مرۆیی‌ خێرا پێیان.

 

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندن

10ی‌ شوباتی‌ 2024