دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا سه‌رپه‌رشتی‌ كارو چالاكییه‌كانی‌ كۆنگره‌ی‌ گه‌شتیاری‌ و وه‌به‌رهێنان ده‌كات له‌ هه‌ولێر و جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی‌ چالاككردنی‌ گه‌شتیاری‌ و ئاڕاسته‌كردنی‌ وه‌به‌رهێنان ده‌كات به‌شێوه‌یه‌ك خۆشگوزه‌رانی‌ زیادبكات و په‌ره‌پێدان به‌دیبهێنێت

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق , ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 5/9/2023, سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌ستپێكردنی‌ كارو چالاكییه‌كانی‌ كۆنگره‌ی‌ گه‌شتیاری‌ و وه‌به‌رهێنانی‌ كرد له‌كوردستانی‌ عێراق – هه‌ولێر ، به‌ئاماده‌بوونێکی فه‌رمی‌ گەورە له‌ هه‌رێم و به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ فیدڕاڵی‌ و به‌شداریكردنی‌ شانده‌كان له‌ برایانی‌ عه‌ره‌ب و وڵاتانی‌ دراوسێ و خاوه‌ن كارو وه‌به‌رهێنه‌ران و دەستەبژێرێک له‌ كه‌سایه‌تی‌ سیاسی و رۆشنبیری‌ و بایه‌خده‌ران به‌بواری‌ گه‌شتیاری‌ و ئابوری‌ .

دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا، لەمیانی پێشكه‌شكردنی وتارێكدا، به‌خێرهاتنی‌ ئاماده‌بوانی‌ كردو ئاماژه‌یدا به‌ رۆڵی‌ ئه‌رێنی‌ وه‌به‌رهێنان بۆ گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ و په‌ره‌پێدانی‌ بازاڕی‌ دارایی‌ بۆ به‌دیهێنانی‌ پێداویستییه‌كانی‌ سه‌قامگیری‌ دارایی‌، به‌وپێیه‌ی‌ گه‌شتیاری‌ یه‌كێكه‌ له‌پایه‌كانی‌ نیشتمانی‌ گه‌شه‌سه‌ندن و په‌ره‌پێدانی‌ به‌رده‌وام.

به‌ڕێزی‌ جه‌ختیكرد له‌وه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان خۆی لە خۆیدا گرنگترین شێوازی‌ گه‌شه‌ی‌ وڵاتانه‌ و جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كان و تواناداركردنی‌ پلانه‌كانی‌ ئاینده‌ بۆ گه‌یشتن به‌قۆناغی‌ كرانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوچه‌كه‌ و جیهان، به‌م شێوه‌یه‌ش قه‌باره‌ی‌ داهاته‌كان و ره‌خساندنی‌ هه‌لی‌ كار زیاد ده‌كات .

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن، له‌درێژه‌ی‌ وته‌كانیدا وتی‌ ” هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عێراق و هه‌ولێری‌ پایته‌خت شانازی‌ به‌ هه‌مه‌ڕەنگی نه‌ته‌وه‌یی‌ و رۆشنبیری‌ و فیكری‌ خۆیه‌وه‌ ده‌كات و شوێنه‌واره‌ مێژوویی و كه‌لتورییه‌كانی‌ رویه‌كی‌ جوانی‌ شارستانی‌ خستۆته‌ڕوو لێره‌دا ئاوێته‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ گیانی‌ ره‌سه‌نایه‌تی‌ و ته‌لارسازی‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ جوان ره‌نگی‌ داوه‌ته‌وه‌له‌ كه‌لتورو رۆشنبیری‌ گه‌لی‌ كوردستان و مێژووه‌ شه‌ره‌فمه‌ندانه‌كه‌ی‌ ” .

له‌به‌شێكی‌ تری‌ وتاره‌كه‌یدا، ئاماژه‌یدا به‌وه‌ی‌ كوردستان جوانترین وێنه‌ی‌ ئه‌زمونی‌ دیموكراسی‌ و روبه‌رێكی‌ فراوانی‌ له‌ ئازادی‌ و كه‌لتووری‌ لێبورده‌یی‌ ئایینی‌ و پێكه‌وه‌ ژیانی‌ ئاشتییانه‌ی‌ له‌نێو سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان به‌رجه‌سته‌كردووه‌ .

دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا راشیگەیاند:” ژینگه‌ی‌ كوردستان وه‌ڵامده‌ره‌وەیەو هه‌لی‌ وه‌به‌رهێنان تیایدا به‌رده‌سته‌و ئاسانكاری‌ زۆری‌ تیادایە و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ به‌رده‌وامی‌ پشتیوانیانه‌ به‌تایبه‌تی‌ كابینه‌ی‌ وه‌زاری‌ رێزدار مه‌سرور بارزانی‌ له‌ پێشكه‌شكردنی‌ پشتیوانی‌ خاوه‌نكارو وه‌به‌رهێنه‌ران به‌مه‌به‌ستی‌ بوژاندنه‌وه‌ی‌ كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ و هاندانی‌ وه‌به‌رهێنان به‌وپێیه‌ی‌ ئاستی‌ گه‌شه‌سه‌ندن به‌رزده‌كاته‌وه‌ له‌به‌دیهێنانی‌ په‌ره‌پێدان و به‌كارهێنانی‌ باشتری وزه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان “.

له‌په‌راوێزی‌ كۆنگره‌كه‌و له‌میانی‌ دانیشتن و وتوێژه‌كاندا، دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا، رونیكرده‌وه‌، دیدێکی نیشتمانی‌ هه‌یه‌و به‌ڕێز محه‌ممه‌د شیاع سودانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ فیدڕاڵی‌ لە هەوڵدایە بۆ دابینكردنی‌ ژینگه‌یه‌كی‌ سه‌لامه‌ت و سه‌قامگیر بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ عێراقدا، ئه‌مه‌ش به‌ پشتیوانی‌ لایه‌نه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی‌ وڵات به‌دیده‌هێنرێت.

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
سێ شه‌ممه‌ 5 ی‌ ئه‌یلولی‌ 2023