دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا ره‌خنه‌ی توند له‌سیاسه‌تی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ ئیتحادی‌ ده‌گرێت كه‌بۆته‌ هۆی‌ دروستكردنی‌ كێشه‌ لەنێوان هه‌رێم و حكومه‌تی‌ ئیتحادی‌ هەولدان بۆ شلەژاندنی سه‌قامگیری‌ و چاوپۆشیكردن‌ له‌ دۆسییه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15/5/2022 ره‌خنه‌ی‌ ‌توندی ‌له‌سیاسه‌تی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ ئیتحادی‌ و خودی‌ وه‌زیره‌كه‌ی‌ گرت كه ‌فشارده‌كات بۆ دروستكردنی‌ كێشه‌ له‌نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان حكومه‌تی‌ ئیتحادی‌ و تۆمه‌تی‌ بێ بنه‌ما دژ به‌هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌به‌خشێته‌وه‌ ودرۆیان له‌سه‌ر بڵاوده‌كاته‌وه‌ لەڕێی كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ باكوورەوە گوایا ده‌ستبگرن به‌سه‌ر كێڵگه‌كانی‌ بای‌ حه‌سه‌ن و داوود گورگه‌دا له‌پارێزگای‌ كه‌ركوك، ته‌ئكیدیشیكرد‌‌ كه‌ ئه‌وتۆمه‌ت درۆیانە هه‌ڵبه‌ستراوون و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌به‌یاننامه‌یه‌كی‌ فه‌رمیدا ره‌تیكردۆته‌وه‌، له‌ڕێی‌ په‌یوه‌ندیكردنیشی بە شیوەیەكی شەخسی به‌هه‌ردوولا له‌هێزه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ ئیتحادی‌ و هێزه‌كه‌كانی‌ هه‌رێم، ڕونبوەتەوە كه‌هیچ جوڵه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ لەو ‌ناوچانە بونی‌ نه‌بووه‌ .
دكتۆر شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشدا ” دوێنێ‌ زۆر به‌وردی‌ به‌دواداچوونمان بۆ ئه‌وبابه‌ته‌ كرد نیگه‌رانین له‌وه‌ی‌ كه‌ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ حكومه‌تی‌ ئیتحادی‌ فشاری‌ كردۆته‌ سه‌ر كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ باكوور بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ئیدیعایانه‌ كه ‌بۆمه‌رامی‌ سیاسی‌ به‌كاری‌ دێنێت تا له‌پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌و سه‌قامگیری‌ نێوان هه‌رێم و عێراق به‌گشتی‌ تێكبدات و چاوپۆشی‌ له‌دۆسییه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵیدا بكات، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ دێت كه‌ وه‌زیری‌ نه‌وت زانیویه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران هه‌موو رێكاره‌یاسایی و ده‌ستوورییه‌كانی‌ ته‌واوكردووه‌ تا له‌دانیشتنه‌كانی‌ داهاتودا لێپرسینه‌وه‌ی‌ لێبكه‌ن ” .
ئیدانەی ئه‌و هه‌وڵه‌ بێهودانه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت و هه‌وڵدانی كرد‌ له‌پێناو ئه‌وه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ ئیتحادییه‌كان له‌ بابه‌ت و پرسه‌ سیاسییه‌كان تێوه‌بگلێنێت و بارودۆخه‌كه بشێوێنێت بۆ ‌خزمه‌تی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی دەستەو تاقم و زیانگەیاندن بە ‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ نیشتمانی و ئه‌مه‌ش هه‌موو نیشتمانپەروەرێك كە لەخەمی وڵاتەكەیدا بێت ره‌تیده‌كاته‌وه‌.

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
15 ی‌ مایسی‌ 2022