دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا به‌ئاماده‌بونێكی‌ فه‌رمی فراوان به‌شداری‌ رێوڕه‌سمی‌ كردنه‌وه‌ی‌ په‌یمانگای‌ باڵا بۆ ئاماده‌كردن و پێگەیاندنی سه‌ركرده‌ كارگێڕییه‌كان ده‌كات

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق, به‌شداری‌ لە ڕێوڕه‌سمی‌ كردنه‌وه‌ی‌ په‌یمانگای‌ باڵا بۆ ئاماده‌كردن و پێگەیاندنی سه‌ركرده‌ كارگێڕییه‌كانی‌ كرد له‌ ئه‌میندارێتی‌ گشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، کە ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 7/8/2023 , له‌به‌غدادی‌ پایته‌خت به‌ ئاماده‌بونی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارو وه‌زیره‌كان و به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت به‌ڕێوه‌چوو.

دكتۆر شاخه‌وان له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌یدا به‌گرنگی‌ بنیادنانی‌ دامه‌زراوه‌كان كه‌ بتوانێت نه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ركرده‌ داهێنه‌ره‌كان پێبگه‌یه‌نێت و ئاماده‌یان بكات و په‌ره‌ به‌تواناكانیان بدات له‌ناو ده‌زگای‌ كارگێڕیدا، له‌پێناو پته‌وكردنی‌ ئه‌دای‌ دامه‌زراوه‌و فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ چۆنایەتی و پیشه‌یبونێکی به‌رزه‌وه‌، به‌پێی‌ بنه‌ماو پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و، ئاماده‌كردنی‌ پسپۆڕی زانستی‌ له‌بواری‌ كارگێڕی‌ و تواناداركردنیان له‌ په‌ره‌پێدانی‌ كاری‌ وه‌زیفی‌، به‌شێوه‌یه‌ك گونجاوبێت له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ی‌ پێداویستی‌ قۆناغەکە، بۆ به‌دیهێنانی‌ ئامانجە گشتییەکان.

 

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
دووشه‌ممه‌ 7 ی‌ ئابی‌ 2023