جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران: ناکۆکییە سیاسییەکان و تەواونەکردنی شایستە دەستورییەکان کاریگەری لەسەر کاری دامەزراوە دەستورییەکان دروست کردووە

بە ئامانجی ڕێکخستنی کاری دامەزراوەی یاسادان و پێشخستنی میکانیزمەکانی کارکردن و ڕاوەستان لەسەر کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکان، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا ئەحمەد ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١/٩/٢٠٢٢ کۆبونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ ڕاوێژکارانی ئەنجومەن لەهۆڵی دەستوریی ئەنجامدا.

لە کۆبونەوەکەدا، تاوتوێی بەردەوامیدان بە ئەرکەکان و دەستکراوەکردنی ڕاوێژکاران کرا لە بەڕێوەبردنی کارەکانی سەرشانیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان لە پاڵپشتی و هاوکاری و، یەکخستنی هەوڵەکان و بەدواداچون بۆ پێوەری کاریگەری یاسادان و خستنەڕووی ڕاپۆرت و پێشنیازەکان بۆ لیژنەکانی پەرلەمان.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا لەمیانی وتەیەکدا ڕایگەیاند، کۆبونەوەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومەن و ڕاوێژکاران بەردەوامی دەبێت، ڕونیشکردەوە، ناکۆکییە سیاسییەکان و تەواونەکردنی شایستە دەستورییەکان کاریگەری لەسەر کاری دامەزراوە دەستورییەکان دروست کردووە.

جەختيشيکردەوه لەسەر گرنگی تێپەڕاندنی قۆناغەکە کردەوە، لەگەڵ بەردەوامی کارەکان بەتایبەت کاری ڕاوێژکاران بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و ڕێنوێنی یاسایی و ڕاسپاردە گرنگەکان، وێڕای گرنگی ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەو پێشنیازە یاساییەکان لەلایەن ڕاوێژکارانەوەو، سود وەرگرتن لێیان لەڕووی یاسادان و چاودێریکردنەوە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ٢١ ئەیلولی ٢٠٢٢