جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ باڵیۆزی چیک باس لە پته‌وكردنی‌ پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و فراوانکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئاستی وڵات و جیهان دەکات

دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا ڕۆژی پێنجشەممە 9/6/2022 لە نوسینگەی فەرمی خۆی لە بەغداد پێشوازیکرد لە پیتەر شتیبانیك باڵیۆزی چیک لەعێراق،
لەدیدارێکدا بابه‌ت و پرسەکانی پەیوەست بەجێ بایەخی هاوبەش و ڕێگه‌چاره‌ی پته‌وكردنی‌ پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست تاوتوێکران.

جێگری سەرۆك لەچوارچێوەی وتەکانیدا جەختیكردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی‌ وڵاتانی دۆست لە یەكێتی ئەوروپا لە پشتیوانیكردن و فراوانكردنی قەبارەی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان بۆ یارمەتیدانی عێراق لە روبەڕوبونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەكان و گۆڕانی كەشوهەوا، بە تایبەتی له‌گه‌ڵ كۆماری‌ چیك کە په‌یوه‌ندییه‌كی‌ مێژوویی‌ و رۆشنبیری‌ ئابووری‌ هاوبه‌ش له‌نێوان هەردوو گه‌لدا هه‌یه.

لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجومەنی‌ نوێنەران بەردەوامە لەکاری ڕۆژانەی بۆ پەسەندکردنی یاسا و یاسادانان و چاودێریکردن سەرەڕای کێشە سیاسییەکان و، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی لیژنەی دۆستایەتی پەرلەمانی و پێشخستنی میکانیزمی
هەماهەنگی و هاوكاری و ئاڵوگۆڕی سه‌ردانیكردنی نێوان
په‌رله‌مانتارانی عێراق و چیك پەرەپێبدەن.

شتیبانیك خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەو دیدارەو تاوتوێکردنی دۆسیه‌ وپرسە گرنگەکان لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەن، جەختی لە پەرۆشی كۆماری چیک لەپشتیوانیکردنی گەلی عێراق کردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کونسوڵخانەی چیک لە هەولێر بەردەوامە لە چالاکییە رۆشنبیری و ئابوورییەکانی، وەک نێرده‌یه‌کی دیپلۆماسیش ڕۆڵێکی گرنگ و زیندوی‌ لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پێنجشەممە 9ی حوزەیرانی 2022