جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ هاوبه‌شی‌ ژماره‌یه‌ك له لیژنه‌كانی‌ په‌رله‌مان ده‌كات بۆگفتوگۆكردن له‌سه‌ركۆمه‌ڵێك یاسای‌ گرنگ كه‌ له‌سه‌روبه‌ندی‌ دارشتندایه‌

دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ 28/7/2022 له‌هۆڵی‌ ده‌ستووری‌ په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ هاوبه‌شی‌ لیژنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كرد ( ئاسایش و به‌رگری‌ ، مافی‌ مرۆڤ، گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن ) بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك یاسای‌ گرنگ كه‌ له‌سه‌روبه‌ندی‌ دارشتندایه‌:
1. پرۆژه‌یاسای‌ تاوانی‌ ئه‌لیكترۆنی‌
2. پرۆژه‌یاسای‌ ئازادی‌ ڕاده‌ربڕینو كۆبونه‌وه‌و خۆپیشاندانی‌ ئاشتییانه‌ .
3. پرۆژه‌یاسای‌ ده‌سته‌ی‌ راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان .
4. پرۆژه‌یاسای‌ په‌یوه‌ندی‌ و زانیارییه‌كان .
5. پرۆژه‌یاسای‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌یوه‌ندی‌ و ته‌كنه‌لۆجیا .

جێگری‌ سه‌رۆك ئاماژه‌یدا به‌گرنگی‌ به‌رده‌وامیی‌ كاری لیژنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و ئاماده‌كردنی‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ راسته‌وخۆی‌ به‌ژیانی‌ هاووڵاتیان و پێداویستییه‌كانی‌ رۆژانه‌یانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ بارودۆخی‌ ئێستای‌ وڵات و بەردەوامی هەنگاوەکانی یاسادانان لەچوارچێوەی ڕێوشوێنە دەستورییەکان و پەیڕەوی ناوخۆدا.

داواشی‌ له‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌كانی‌ په‌رله‌مان كرد سوود له‌ راوێژكارانی‌ ئه‌نجومه‌ن و هاوكاری به‌رده‌وام وەربگرن بۆ رێكخستنی‌ یاساكان و جێكردنه‌وه‌یان له‌ كارنامه‌ی‌ دانیشتنه‌كانی‌ ئه‌م وه‌رزه‌ نوێیه‌ی‌ یاساداناندا .

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
پێنجشه‌ممه‌ 28 ی‌ ته‌مموزی‌ 2022