جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌گه‌ڵ باڵیۆزی‌ ئیتاڵیا پته‌وكردنی‌ په‌یوه‌ندییە دووقۆڵییەکان و فراوانكردنی‌ قه‌باره‌ی‌ هاوكاری‌ سه‌ربازی‌ و ئابوری‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتی‌ دۆست تاوتوێده‌کات

دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 28/7/2022 له‌ نوسینگه‌ی‌ فه‌رمی‌ خۆی‌ له‌ به‌غداد پێشوازیكرد له‌ماوریتسیۆ كیكانتی‌ باڵیۆزی‌ نوێی‌ ئیتاڵیا له‌عێراق.

له‌سه‌ره‌تای‌ دیداره‌كه‌دا باڵیۆزی‌ ميوان خۆشحاڵی‌ خۆی‌ ده‌ربڕی‌ به‌ره‌خساندنی‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌گه‌ڵ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنەران بۆ تاوتوێكردنی‌ ئه‌و بابه‌ت و پرسانه‌ی‌ جێی‌ بایه‌خی‌ هاوبه‌شی‌ هه‌ردوولان، هاوكات جەختى لە سەر پەرۆشی وڵاته‌كه‌شی‌ کرد بۆ پشتیوانیکردنی گه‌لی‌ عێراق.

هەر لەدیدارەکەدا باس لەمیکانیزمەکانی پته‌وكردنی‌ په‌یوه‌ندی‌ دووقۆڵی‌ و فراوانكردنی‌ قه‌باره‌ی‌ هاوكاری‌ سه‌ربازی‌ و ئابوری‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتی‌ دۆست كرا، باڵیۆزی ئیتاڵیا ئاماژه‌شیدا به‌ به‌رده‌وامی‌ كاره‌كانی‌ كونسوڵخانه‌ی‌ ئیتاڵیا له‌هه‌ولێر و زیادكردنی‌ ئاستی‌ چالاكی‌ و كاره‌كانیان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان.

جێگری‌ سه‌رۆكی ئەنجومەنی نوێنەران له‌چوارچێوه‌ی‌ وته‌كانیدا روونیكرده‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی‌ مێژوویی هه‌ردوو گه‌لی‌ دۆست پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، هاوكات ئاماژه‌شيدا به‌هه‌ڵوێسته‌ ئه‌رێنییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ ئیتاڵیا و پشتیوانیكردنی‌ عێراق له‌جه‌نگی‌ دژ به‌تیرۆریستان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان، هه‌روه‌ها پاڵپشتیكردنيان‌ له‌ هه‌وڵ و كۆششه‌كان بۆ چه‌سپاندنی‌ سه‌قامگیری‌ و ئاسایش له‌سه‌رتاسه‌ری‌ وڵاتدا.

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
28 ی‌ ته‌مموزی‌ 2022