ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر یاسای هاوکاری یاسایی دەدات وخوێندنەوەو تاوتوێی شەش یاساش تەواو دەکات

ئەنجومەنی نوێنەران، دانیشتنی چوارەمی لە وەڕزی یاسادانانی یەکەم، ساڵی یاسادانی سێیەم، لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەم، بە سەرۆکایەتی بەڕێز موحسین مەندەلاوی، لەشوێنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ئامادەبونی ١٦٧ پەرلەمانتار رێکخست، بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساو لێپرسینەوە لە سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی و خوێندنەوەی ژمارەیەک پڕۆژە یاسا.

لەسەرەتای دانیشتنەکەدا، ئەنجومەن دەنگیدا لەسەر تەواوی پڕۆژە یاسای هاوکاری یاسایی، کە لەلایەن هەردوو لیژنەی یاسایی و مافی مرۆڤەوە پێشکەشکرا.

ئەنجومەن، دەنگدانی لەسەر پرۆژە یاسای پەسەندکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی تونس دواخست، سەبارەت بە خزمەتگوزاری ئاسمانی نێوانیان و پرۆژە یاسای پەسەندکردنی رێککەوتنی گواستنەوەی ئاوی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی میسر، لەسەر داوای لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.

ئەنجومەن، دەنگیدا لەسەر دواخستنی لێپرسینەوە لە سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی، کە لەلایەن پەرلەمانتار رائد مالیکیەوە پێشەکەشکراوە، بۆ هەفتەی داهاتوو، بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ پەرلەمانتارەکە بۆ زیادکردنی پرسیاری نوێ و بەخشینی کاتی تەواو بە سەرۆکی تۆڕکە بۆ ئامادەکردنی وەڵامەکانی.

ئەنجومەن، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژە یاسای هەمواری بیست و یەکەمینی یاسای راژەی ژمارە (25) بۆ ساڵی 1960 تەواوکرد، کە لایەن لیژنەی یاسای و داراییەوە پێشکەشکرا.

ئەنجومەن، لەمیانی دانیشتنەکەدا کە بەشێکی لەلایەن دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنەوە سەرۆکایەتی کرا، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەی هەمواری یەکەمی یاسای بەرگری شارستانی ژمارە (44) بۆ ساڵی 2013 تەواوکرد، کە لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگرییەوە پێشکەشکرا.

ئەنجومەن، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژە یاسای قەلاچۆکردنی ونکردنی ناچاری دواخست، کە لەلایەن لیژنەی مافی مرۆڤەوە پێشکەشکرا.

ئەنجومەن، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵوەشاوەی ژمارە (20) بۆ ساڵی 2003 تەواوکرد، کە لەلایەن لیژنەی یاساییەوە پێشکەشکرا.

ئەنجومەن، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژە یاسای هەڵەوەشاندنەوەی هەردوو بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵوەشاوە ژمارە (175) بۆ ساڵی1974و(4)ی ساڵی 2003 تەواوکرد، کە لەلایەن لیژنەی یاساییەوە پێشەکەشکرا.

هەروەها ئەنجومەنی نوێنەران، خوێندنەوەی راپۆرت و تاوتوێی پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای مادە هۆشبەرەکانی ژمارە (50)بۆ ساڵی 2017 تەواوکرد، کە لەلایەن لیژنەکانی تەندروستی و ژینگەو ئاسایش و بەرگری و یاسایی و لیژنەی کاتی بۆ قەلاچۆکڕدنی مادە هۆشبەرەکان پێشکەشکرا.

ئەنجومەن، خوێندنەوەی راپۆرت و تاوتوێی پڕۆژە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستەی دەریایی باڵای عێراقی ژمارە (18) بۆ ساڵی 2018 تەواوکرد، کە لەلایەن لیژنەی گواستنەوەو پەیوەندیەکانەوە پێشکەشکرا.

دواتر بڕیاردرا دانیشتنەکە بۆ رۆژی پێنج شەممە هەڵبگیرێت

 

ئەنجومەنی نوێنەران

فەرمانگەی راگەیاندن

٣٠کانونی دووەمی ٢٠٢٤